کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان: بەرجام پێش بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە ناگرێت

12:03 - 20 سەرماوەز 2721

''گیلعاد ئێردان'' باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی، دەوڵەتی ''بایدن'' لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئەوە هاودەنگە کە ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام، پێش بە بەرهەمێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ناگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ''تایمز ئیسرائیل'' ڕۆژی هەینی ٢٠ی سەرماوەز، ''ئێردان'' لە ڕەوتی کۆنفڕاسێکی ئەمنییەتی لە ویلایەتی فلۆریدای ئامریکا لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران هیچ حەزی لە وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەختگیرانەتر کە بەرنامەی مووشکی و چالاکیی گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە ڕابگرێت، نییە؛ چونکە کاتێک کە ئامریکا بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنی پێشوو و گەمارۆکان لا ببات، هەموو کارتە گوشارەکانی لەسەر تاران لەدەست دەدات.

کۆشکی سپی بە جەختکردن لەسەر ئەوەیکە هیچکات ئیزن نادات کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێگەی دیپلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

بەو حاڵەوە بەهۆی زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران، ''جۆ بایدن'' لەم دواییانە بە بەرپرسانی ئەمنییەتیی کابینەی خۆی وتووە کە لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی بەرجام، بۆ بژاردەکانی دیکە ئامادەییان هەبێت.

باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە وتوویەتی: ''هیوادارین وتووێژەکان تووشی شکست ببن. ڕێژیمی ئێران تەنیا لە حاڵەتێکدا بەرنامەی ناوکیی خۆی وەلا دەنێت کە بە تێکەڵێک لە گەمارۆی قورس و هەڕەشەی نیزامی بەروڕوو بێت، هەتا ناچار بن کە لە نێوان مانەوەی خۆیان و پاراستنی زێدەخوازییە ناوکییەکەیان یەکێکیان هەڵبژێرن''.

''گیلعاد ئێردان'' جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: ''ئەگەر ئیسرائیل دەتوانێت زیاتر لە هەزار جار لە سووریە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئیران، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و یەک لەوان ئامریکاش دەبێ توانایی بەرنگاربوونەوەیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبێت''.