کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزخانەی ئامریکا لە شاری ئورشەلیم دەست بەکار دەبێت

16:28 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پلەبەرزی ئامریکایی، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی باڵوێزخانەی نوێی ئامریکا گەیشتوونەتە ئیسرائیل.

بەرپرسانی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی تلاڤیڤ، پێشوازیان لە شاندی نێردراوی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرد، کە بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی باڵوێزخانەی نوێی ئامریکا لە شاری ئورشەلیم بۆ ئەو وڵاتە سەفەریان کردووە.

شاندی ئامریکایی، پێکهاتوو لە ئەیووانکا ترامپ (راوێژکاری باڵا و کچی دانڵد ترامپ)، خانمی یەکەمی ئامریکا، جێرد کوشنێر و ئیستیۆن مەنووشن (وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا)، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، گەیشتوونەتە ئیسرائیل.

پێشتر دەیوید فریدمەن، باڵوێزی ئامریکا لە ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدئۆییدا هەواڵی کۆتاییهاتنی کارەکانی باڵوێزخانەی نوێی ئامریکای لە شاری ئورشەلیم بڵاو کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە بەرەو کۆتاییی کارەکانی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئورشەلیم هەنگاو هەڵدەگرین.

ناوبراو ڕایگەیاندبوو، کە هەموو شتێک بۆ کرانەوەی ئەو باڵوێزخانەیە ئامادەیە و بۆ جێبەجێکردنی خێرای ئەو کارە، سپاسی پشتگیرییەکانی سەرۆک ترامپی کردبوو.

کۆنگرەی ئامریکا ساڵی ١٩٩٥ی زایینی، بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکای لە شاری تلاڤیڤ بۆ شاری ئورشەلیمی پەسەند کردبوو، بەڵام دانڵد ترامپ پاش هاتنە سەرکاری وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئەو بڕیارەی کردەیی کرد و ماوەی ٦ مانگی بۆ سازکردنی باڵوێزخانەی نوێ دیاری کرد.

سەرەڕای هەڕەشە و دژایەتییەکانی هێندێ وڵات وەکوو ئێران بە نیسبەت ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕ ڕێوڕەسمی کرانەوەی ئەو باڵوێزخانە نوێیە بە بەشداری ٨٠٠ کەس لە بەرپرسانی ئامریکایی و ئیسرائیلی و کەسایەتی و دیپلۆماتەکانی جیهان دەست پێ دەکات و بڕیارە کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا لە ڕێگای ڤیدئۆوەوە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە ببێت.

نێتانیاهوو ڕۆژی پێشوو لە کۆبوونەوەی حەوتووانەدا، وێڕای سپاسی دانڵد ترامپ بۆ بردنەسەری بەڵێنەکانی خۆی ڕایگەیاندبوو: "ئێمە ئەم حەوتوویە شایەتی ڕووداوێکی مێژوویین بە نیسبەت وڵاتەکەمان، سەرۆک ترامپ بەڵێنی دابوو کە ئورشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل بە فەرمی بناسێنێت و بەڵێنییەکەی بردە سەر، هەر بۆیە ئێمە سبەینێ دووشەممە، جێژنێکی ڕاستەقینەمان دەبێت".