کوردستان میدیا: وتەبێژی باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هیچ دانیشتنێک لە نێوان ئامریکا و ئێران ئەنجام نەدراوە ئەو هەواڵه دوورە لە ڕاستی.
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٤ی خەرمانان، ڕۆژنامەی "جەریدە"ی وڵاتی كوەیت لە هەواڵێکدا بڵاوی کردبووە کە گۆیا لە نێوان "بریت مەکگۆرک و قاسم سلێمانی" دانیشتنێکدا ئەنجام دراوە.
ئەو ڕۆژنامەیە ئەو هەواڵەی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بڵاو کردبووە کە گۆیا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" و "برێت مەكگۆرک" كۆبوونەوەیەكی نهێنییان ئەنجامداوە .
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە دەبێت ئەو دوو بەرپرسە لە سەر چارەسەكردنی كێشەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و ڕاگرتنی پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێوانیان، ڕێككەوتوون.
"چارڵز كوول"، وتهبێژى باڵوێزخانهى ئامریكا له بهغدا، سهبارهت به ههواڵى كۆبوونهوهى نهێنى نێوان مهكگۆرك و سلێمانى، نووسیویهتى: "ئهو ههواڵه دووره له ڕاستییهوه و كۆبوونهوهى لهو شێوهیه ئهنجام نهدراوه".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوکتور "ئیدریس ئەحمەدی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کردبوو، ئەگەری دانیشتنێکی وا زۆر کەمە لە کاتێکدا ئامریکا و ئێران پەیوەندییەکانیان لەوپەڕی گرژی دایە. هەروها سەرچاوەی ئەو قسەیە، سپای پاسدارانە، ئەویش دوو ئامانجی لە پشتە؛ یەکەم: هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ئامریکا وەک لایەنی لاوازی دەرەکی لە عێراق، لە کاتێکدا وەک لە بەسرە بینیمان، ئێران تەنانەت لە لایەن شیعەشەوە دژیاتی دەکرێت. دووهەم: هەوڵێکە بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە نێو ئیدارەی ترامپدا، بە تایبەت لە کاتێکدا کە دەرکەوتووە هێندێک کەس لەو ئیدارەیەدا، کارشکێنی دەکەن.