کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی فەرانسە لە تاران بانگهێشت کرا

13:58 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی توییتی باڵوێزی فەرانسە لە وڵاتی ئامریکا لەبارەی بەرجام، باڵوێزی فەرانسە لە تاران، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، ''حوسێن سادات مەیدانی'' سەرۆکی دەبیرخانەی ستادی بەدواداچوونی بەڕێوەبەری بەرجام، ''فیلیپ تیبۆ '' باڵوێزی فەرانسەی لە ئێران بانگهێشت کردووە کە لە بارەی توییتی باڵوێزی ئەو وڵاتە لە ئامریکا، ڕوونکردنەوە بدات.

سادات مەیدانی باسی لەوە کردووە، ئەگەر ئەو توییتە لە لایەن دەوڵەتی فەرانسەوە پشتڕاست کرابێتەوە، ئەوە دژایەتی لەگەڵ ئامانج و نێوەرۆکی ڕێکەوتننامەی بەرجام دەبێت.

پێشتریش عەباس عەراقچی جێگری سیاسی وەزیری دەرەوی ڕیژیمی ئێران، تویتێرەکانی باڵوێزی فەرانسەی لە وڵاتی ئامریکا، بە پێشێڵکردنی بەرچاوی  ئامانجەکانی بەرجام زانیبوو و داوای ڕوونکردنەوەی لە دەوڵەتی فەرانسە کردبوو.

"ژرار ئارۆ"، باڵوێزی فەرانسە لە وڵاتی ئامریکا، ٢٤ی خاکەلێوە، لە لاپەرەی تویتێری خۆیدا نووسیبوی: "هەروەک لە ساڵی ٢٠٠٢دا باسمان کرد بەپێی پەیمانی NPT، پیتاندنی ئۆرانییۆم به بێبەرنامەیەکی باوەڕ پێکراو بۆ ئەوەیکە بۆ بەشی نیزامی بەکارنەبردرێت، نایاساییە.

نابراو لە توییترێکی دیکەدا نووسیوێتی: "هەڵەیە ئەگەر بگوترێت لە کاتی تەواوبونی ڕێکەوتنی بەرجام، ڕێژیمی ئێران ئیزنی دەبێت هەوڵی پیتاندنی ئۆرانییۆم بدات. بەپێی پەیمانی  NPTو پرۆتۆکۆلی لکێندراو، ڕێژیمی ئێران ناچاردەبێت لەژێر چاوەدێری توونددا ، بیسەڵمێنێت کە چالاکییە ناوکییەکانی بۆ کاروباری نیزامی نییە.

گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ سەر بەرجام لەپاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بەردەوام زیاتر بووە و نێوبەتاڵیی ڕێکەوتنی بەرجام  بۆ ئەوانەی کە هیوادار بوون  ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی نیزیک بوونەوەی پێوەندییەکانی ئێران و ڕۆژئاوا دەرکەوت.