کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ڕێژیمی ئێران، توندوتیژی لە دژی ژنان شەرمەزار دەكات

21:29 - 26 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: باڵوێزی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانیی خۆی لەمەڕ زەخت و گوشاری گرووپە بناژۆخوازەكان لە سەر ژنان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، باڵوێزی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە ئێمە كردەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە دژی ژنان مەحكووم دەكەین، چوونكە ژیانی ژنان و مافەكانیانی خستووەتە نێو دۆخێكی مەترسیدارەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند كە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوونی نیە، بەڵكوو لە ناوچە جیاوازەكانی جیهانیش بڵاو بووەتەوە. ناوبراو هەروەها توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەنیشی مەحكووم كرد.

باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە كاتێكدا بەرگری لە مافی ژنان دەكات و وا نیشان دەدات كە لە یەمەن و شوێنەكانی دیكە توندوتیژی هەیە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا ژن خاوەن مافە، كە جەننەتی لە نوێژی هەینی لە تاراندا گوتی: ئێمە دەبێ خۆڕاگر بین، بۆ ئەوەی كە ڕۆژئاواییەكان دوای پرسی ناوكی، داوای ڕەچاوكردنی مافی مرۆڤ و یەكسانیی نێوان ژن و پیاو نەكەن. ئەم دەربڕینەی ناوبراو، دەردەخات كە ژن لە ژێر سێبەری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا چەندە خاوەن مافە و قسەكانی باڵوێزی ڕێژیمیش چ ئامانجێك دەپێكێ.