کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە "یەمەن" بەهۆی پەتای کۆرۆنا مرد

21:44 - 30 سەرماوەز 2721

بە وتەی "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، "حەسەن ئەیرلوو" باڵوێزی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی "یەمەن" بەهۆی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مرد.

"ئەیرلوو" وێڕای ئەوەی باڵوێز بووە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانیش بووە.

"خەتیب زادە" "وەدرەنگخستنی هاوکاریی بەشێک لە وڵاتانی" بە هۆکاری مردنی "ئەیرلوو" زانیوە و ناوبراوی بە "شەهید" وەسف کردووە.

ڕۆژنامەی "والستریت ژورناڵی ئامریکایی" ڕۆژی هەینیی حەوتووی ڕابردوو بڵاوی کردبووەوە کە حوسییەکان ویستوویانە ئەو فەرماندەیەی سپا کە وەکوو باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەمەن بوو، بگەڕێننەوە بۆ "تاران" و دڵنیاییان بە بەرپرسانی عەرەبستان داوە کە کەسێکی دیکە لە جێگەی "حەسەن ئەیرلوو" دانانێن.

یەکێک لە بەرپرسانی عەرەبستان بە ڕۆژنامەی "والستریت ژورناڵی ئامریکایی" وتبوو کە ئەو داواکارییەی ملیشیا حوسییەکان دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە نێوانی ئەو گرووپە و "تاران" ناکۆکی هەبێت، هەروەها بەرپرسێکی دیکەی چالاک لە ناوچەکە وتبووی کە "ئەیرلوو" ببوو بە کێشەیەکی سیاسی.