کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئێران لەلای حووسییەکان بانگهێشتی دادگای نیزامیی یەمەن کرا

11:50 - 22 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، دادگای نیزامیی یەمەن "حەسەن ئیرلوو" باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لەلای حووسییەکانی بانگهێشت کرد و سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

دادگای نیزامیی یەمەن هۆکاری بانگهێشتی "ئیرلوو"ی گەڕاندووەتەوە بۆ "چوونەژوورەوەی نهێنی بۆ خاکی ئەو وڵاتە بە مەبەستی سیخوڕی، کاری تێکدەرانە و هاوکاریی لەگەڵ حووسییەکان بۆ ئەنجامی عەمەڵیاتی دوژمنکارانە دژی ئەرتش و خەڵکی یەمەن".

پێشتر "سەعید خەتیبزادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو: "حەسەن ئیرلوو یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانە و وەک باڵوێزی ئێران چووەتە سەنعای پێتەختی یەمەن".

ئەو قسانەی "خەتیبزادە" دژکردەوەی دەوڵەتی یەمەنی لێکەوتەوە و ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێرانی وەک دیاریکردنی حاکمی نیزامی بۆ سەر پێتەختی یەمەن ناوزەد کردووە.

هەروەها دەوڵەتی یەمەن ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێرانیان وەک هەوڵی "هەڵخڕێنەر و ڕەواییدان بە داگیرکاریی دوژمنکارانە" وەسف کردووە.