کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایەخی تمەن بەردەوامە لە دابەزین و داکشان

11:50 - 3 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دیسانەوە بایەخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئەرز بەرز بوویەوە و لە سنووری ٨ هەزار تمەن تێپەڕی.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ هەر دۆلارێکی ئامریکا بە زیاتر لە ٨ هەزار تمەن فرۆشرا؛ هەروەها نرخی هەر یۆرۆ بریتی بوو لە ٩ هەزار و ٣٠٠ تمەن و هەر سکەیەکی زێڕیش بە ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.

نرخی ئەرز لە ئێراندا، لە سەرەتای پاییزی ساڵی ڕابردووەوە کە دەوڵەتی ترامپ هەڕەشەی چوونەدەر لە بەرجامی دەسپێکرد بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کرد و لە ٣٧٠٠ تمەنەوە هەنووکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٨ هەزار تمەن.

هەرچەند دەوڵەتی ڕوحانی هەوڵی داوە کە نرخێکی سەقامگرتوو بۆ دۆلار و ئەرزەکانی دیکە دابنێت بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە بەسەر دۆخی شپڕێوی بازاڕدا زاڵ بێت؛ یەکێک لەو ڕێکارانەی دەوڵەت بریتی بوو لە بەقاچاخ ناوبردنی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا!

هەنووکە تمەنی ئێرانی یەکێکە لە بێ‌بایەخترین دراوەکانی جیهان کە تەنانەت لە وڵاتێکی وەک عێراق سەڕافەکان ئامادە نین مامەڵەی پێ بکەن.