کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: خامنەیی سەرپشکە لە هەڵبژاردنی دوو بژاردە

11:34 - 9 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، عەلی خامنەیی سەرپشکە لەوەی نازناوی "گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم" بۆ ئێران هەڵبژێرێت یان بە قازانجی خەڵکی ئێران هەنگاو بنێت.

برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز لە پڕێسکۆنفرانسێکدا و لە یەکێک لە پایگا سەربازییەکانی وڵاتەکەی کە تێیدا ئەو کەلوپەلە سەربازییانە نمایش کراوە کە تاران ڕادەستی حووسییەکانی کردووە، سەبارەت بە دواڕەوشی کۆماری ئیسلامی دوا و وتی: دەکرا لەم ساڵۆنەدا پێشانگای فەرهەنگی ئێران بێت بەڵام وەک دەبینن ئەو مووشەک و کەرەستانەی کۆماری ئیسلامی لێ دانراوە کە ڕادەستی حوسیەکانی کردووە تا ئارامی ناوچەی پێ بشەوێنن.

ناوبراو ڕوو لە هەواڵنێرانی بەشدار لەم پڕێسکۆنفڕانسەدا وتوویەتی: ئاخوندەکانی ئێران هەزاران مووشەکیان داوە بە حیزبوڵا؛ ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان کە حووسییەکان بکەنە حیزبوڵای کەنداو؛ ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٨ میلیارد دۆلار یارمەتی بە ڕێژیمی ئەسەد کردووە و سەدان میلیۆن دۆلاریشیان بۆ کاروباری تێرۆریستی ڕادەستی حەماس و حیزبوڵا کردووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: پەیامی ئێمە بۆ تاران ڕوون و ئاشکرایە. گوشاری ئابووری و تەحریمەکانمان تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوت و ئاکارەکانی دەگۆڕێ درێژەی دەبێت. کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لە سیاسەتەکانی خۆی پاشگەز ببێتەوە، دەشتوانێ چاوەڕوان و شاهێدی ڕووخانی خۆی بی. ٣٩ ساڵە تاران بەردەوامە لە ئاژاوەگێڕی و گێرەشێوێنی، ئیتر بەسە، چیدیکە ئەم ئاکارە جێگەی قبووڵ کردن نییە.

ڕوو لە خامنەییش وتوویەتی: با سەرپشک بێت، نازناوی "گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم" هەڵدەبژێرێ یان خزمەت بە خەڵکی ئێران دەکات.