کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برسیەتی و هەژاری باوکێکی کردە بکوژی کوڕەکەی

12:11 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: باری نالەباری ژیان لە ئێران و تەنگەژەکانی سەر ڕێژیم هەر ڕۆژە دەبێتە هۆی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە ئێران و کوردستاندا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری سنە باوکێک بە هۆی گوشاری ماڵیی و بێکاری، بە لێدانی کوڕەکەی دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی و خۆیشی تووشی حاڵەتی دەروونی بووە و هەنووکە لە زینداندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سنە، لەم بارەوە دەڵێت: هاوپۆلییەکی مناڵە کوژراوەکە کە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شارەکی نایسەر، یەکێک لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی شاری سنە، قوتابی بوون، هەست دەکات هاوڕییەکەی لە بواری جەستەییەوە زۆر لاواز و کز بووە، لێی دەپرسێت: بۆچی وا کز و لاوازیت، ئەمیش لە وڵامدا پێی دەلێت: ئاخر ئێمە لە ماڵدا هیچمان نییە بیخۆین، هاوڕێیەکەی دەڵێت: ئێستە حەزت لە چییە؟ ئەویش دەڵێت: دوێنێ شەو خەوم بە پڵاو و خۆرشتی سەوزییەوە دیت، زۆرم حەز لییە.

هاوڕێیەکەی کە لە ماڵەوە ئەم بەسەرهاتە بۆ دایکی دەگێڕێتەوە، دایکی هێندێ کەلوپەلی خواردەمەنی وەکوو: گۆشت، برنج و ئەو شتانەی کە پێویستە بۆ سازکردنی ئەو چێشتە دەباتە بەرماڵی قوتابییە هەژارەکە، لە سەرەتا دایکی مناڵە هەژارەکە لێی وەر ناگرێت، بەڵام بە پێداگریی ژنە خێرخوازەکە وەری دەگرێت، کە مێردەکەی دێتەوە ماڵ لێی دەپرسێت ئەم کەلوپەلانەت لە کوێ هێناوە، ئەویش بەسەرهاتەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، باوکەکەش بە هۆی گوشاری ماڵی و بێکارییەوە کونتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات و چەپۆکێک لەسەر سەری کوڕەکەی دەدات، منداڵەکە بێهۆش دەکەوێت و هەتا دەگەیەننە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دەدات.

کارمەندانی نەخۆشخانە دەڵێن: مێشکی ئەم مناڵە لە نێوەوە تووشی خوێنڕێژی بووە، باوکەکەی کە بە دیتنی جەستەی بێگیانی کوڕەکەی تووشی حاڵەتی دەروونی دەبێت، لە لایەن مەئموورانی نەخۆشخانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێت.

ئەم کارەساتە و هەزاران کارەساتی دڵتەزێن و تراژدیای لەم چەشنە، ئاکامی سەرەڕۆیی، سیاسەتی هەڵە و نەزانکاریی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە، کە ٤٠ ساڵە لە ئێراندا بە تاڵانکردن و بەفێڕۆدانی سامان و داهاتی خەڵکی بێدەسەڵاتی ئێران پەرە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن و ئەو سامانە ژێرزەویی و ڕووزەوییانەی کە دەبوایە بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی ئەو خەڵکە تەرخان بکرایە، لە ڕێگای کاری تێرۆریستیی و تێکدەرانەوە خەرج دەکرێت.

وڵاتی ئێران وڵاتێکی هەژار نییە هەتا خەڵکەکەی لە وەها دۆخێکدا بژین، ئەم وڵاتە کە خەڵکەکەی لەبەر دەستەنگی و هەژاری تووشی هەموو دیاردە دزێوەکانی وەکوو: کوشتن، دزی، لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە مادەسڕکەرەکان، تەڵاق و ...... دەبن، جگە لە زۆرێک سەرچاوە و داهاتی ئاشکرا و نهێنی، لە بواری پاشکەوتی نەوت لە جیهاندا پلەی چوارەم و لە بواری گازدا پلەی دووهەمی هەیە، بەڵام خەڵکەکەی دەبێت لەبەر ژەمێک نانی فەقیرانە دەستیان بە خوێنی منداڵەکانیان سوور ببێت.

ئا: جەماڵ فەتحی