کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

15:34 - 11 جۆزەردان 2726

ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەردان، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "همبستگی فراجناحی تشکل‌های سیاسی هامبورگ" و ژمارەیەک لە ئازادیخوازانی کورد، ئێرانی و ئاڵمانی لە هامبۆرگ بەڕێوەچوو.

خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لەم چالاکییەدا کە بە دروشمی ئازادیی زیندانییانی سیاسی و دادپەروەری و ڕاگرتنی لەسێدارەدان بەڕێوە چوو، چەندین وتار پێشکەش کران؛ لەوانە بەڕێزان یەدوڵڵا بەلەدی، دوکتور ئەمیری کیانی و مێهدی خادمی تیشکیان خستە سەر سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیم و دۆخی ئۆپۆزسیۆن.

 پاشان هاوڕێ سوهەیلا خاقانی پەیامی حیزبی دێموکراتی بە زمانی فارسی خوێندەوە.

لەنێوان خۆپیشاندانەکەدا، چەند کەسێکی سەر بە ڕەوتی سەڵتەنەتخواز بە وتەی نەشیاو هێرشیان کردە سەر بەشداربووان کە پۆلیس دەستبەجێ دووری خستنەوە.

لەم پێوەندییەدا، بەڕێز شەهریار نەقشبەندی لە وتارێکدا ئاماژەی بەم جموجۆڵە تێکدەرانە کرد و زیانی ڕەوتی سەڵتەنەتخوازی بۆ سەر خەباتی گەلانی خستە ڕوو. دواتر خاتوو سەحەر شەمسی وتارێکی پێشکەش کرد و داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ خەڵکی ئێران کرد.

لە کۆتاییدا، هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا وێڕای ئاماژە بە شەپۆلی نوێی سێدارەکان لە دوای ڕاپەڕینی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم کرا و جەخت لەسەر مافی بەرگریی ڕەوا و ئامادەیی حیزب بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن کرایەوە کە دان بە مافی نەتەوەکاندا دەنێن.

جێگای ئاماژەیە بەڕێز،ئەلێکس دوو سروودی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و هەروەها بە درێژایی خۆپیشاندانەکە چەندین دروشم به زمانەکانی کوردی و فارسی و ئاڵمانی بەرز کرایەوە.