کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەبارەی شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە کوردستان و ئێران

18:55 - 11 جۆزەردان 2726

دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتییەکانی شەپۆلێکی نوێی ئێعدامی بەندکراوە سیاسییەکانی لە ئێران، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ خستووە.

تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەم دواییانەدا بە شێوەی سەرسووڕهێنەر زیاتر بوون و شەپۆلی نوێی سەرکوت و زەبروزەنگەکان دژی تێکۆشەرانی ئازادیخواز، بەتایبەت لە زیندانەکان بابەتێكی ئاسایی نین و نابێت ڕێگە بدرێت ئاسایی بنوێنن. ئەو ئێعدام و کوشتنە سیاسییانە کوشتاری بەکۆمەڵ و ڕێک‌خراون و بۆ هەمووان ئاشکراشە کە کۆماری ئیسلامی ئێعدامەکان بۆ تۆقاندنی زیاتری کۆمەڵگە و وەک قەڵغانێکیش بۆ مانەوەی پتری خۆیان لە دەسەڵاتدا بە کار دێنن.

سەرکوت و ئێعدامەکان لە نێوخۆ و بەردەوامیی مووشەکبارانی حیزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پەرە دەستێنن کە ڕێژیم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە شەڕ و ململانێی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا تووشی شکستی ستراتیژی و کەلێنی ئەمنییەتیی قووڵ بۆتەوە، بۆیە بە پیشەی پێشووی پەنای بۆ قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی وڵات و قەڵتوبڕ و زەبروزەنگی زیاتر لە نێوخۆی وڵاتدا بردووە. هاوکات بەردەوامیی تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئەویش لە کاتی ئاگربەستی کاتیی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلدا بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە کە ڕێژیم شەڕی خۆی لەگەڵ ئازادیخوازان، ماف‌ویستانی و دژبەرانی نێوخۆیی نەک نەوەستاندووە؛ بەڵکوو هەموو دەرفەتەکان بەتایبەت ئەو ئاگربەستەش بۆ پاکتاوی فیزیکیی نەیارانی بە کار دێنێ.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران پێی وایە هەڵخستنی پەتی سێدارە بۆ ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بێبنەمای «سیخوڕی» بۆ بیانییەکان یان «شەڕی چەکداری» دژی ڕێژیم گیراون، لە ڕاستیدا چەکی تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی خەباتکار و مافخواز. ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە لە هەموو ماوەی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە بە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی تێچووی خەبات و خۆراگری دژی دەسەڵاتە نگریسەکەی بباتە سەرێ و مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران و بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان بەچۆکدا بێنیت. بۆیە کۆمەڵگەی جیهانی نابی و ناشکرێ ئێعدامی سەدان بەندکراو لە ساڵێکدا لە ئێران تەنیا وەک «پێشێلکاریی مافی مرۆڤ» سەیر بكات، بەڵكوو پێویستە ئەم کردەوانە بە «تاوانی جەنگ» و «تاوان دژی مرۆڤایەتی» بناسێ و هەڵوێست و بڕیاری بەکردەوەی لەدژی ئەم جینایەتانەی ڕێژیم هەبێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران هاوکات ڕادەگەیەنێ کە هەر دیپلۆماسییەک، هەر دانوستانێک و هەر جۆرە ئاگربەستێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێگە لە وەستاندنی زەبروزەنگی نێوخۆیی لە ئێران و ئێعدام و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی ئەم ڕێژیمەوە نەگرێت؛ هەم دەبێتە پاڵنەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامیی لە سیاسەتی کوشتن و قڕکردنی خەڵکی ئازادیخواز و هەم دەرفەت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژ و سەرکوتکارە دەڕەخسێنێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارلەمانی ئورووپا و حکوومەتە دێموکراتیکەکانیش دەکا بۆ وەستاندنی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی تاوان و جینایەتەکانی گوشاری پتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی و پێوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە ڕابگرن. هەروەها پێویستە پرسی سەرکوتی نێوخۆیی لە ئێران و ئێعدامەکان ببێتە باسێکی بنەڕەتی لە شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری توند لەدژی ڕێژیم بدرێت. بێگومان بێتوو تێچووی ئێعدامەکان و زەبروزەنگی نێوخۆیی لەسەر کۆماری ئیسلامی -چ سیاسی و چ ئابووری- زیاد نەکرێت، ڕەفتار و سیاسەتی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات گۆڕانی بەسەردا نایەت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەروەها داوا لە نەتەوەکانی ئێران و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەکا بە یەکڕیزی و هاوخەباتیی بەکردەوەیان پاشەکشە بە سیاسەتەکانی ڕێژیم بکەن. دڵنیاین خەڵکی کوردستانیش بە ڕێکخستنی پتری ڕیزەکانیان و خەبات و خۆڕاگریی خۆیان وەک هەمیشە بەرسڤی سیاسەتەکانی ڕێژیم دەدەنەوە.

سەرکەوتوو بێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکانی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

١/٦/٢٠٢٦ (١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی