هاوکات لەگەڵ ١ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان، ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان باس لە پێشێلکاریی بەربڵاو و سیستماتیکی مافەکانی منداڵان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی منداڵان چەندین لایەنی مەترسیدار دەگرێتەوە؛ لەوانە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، کە ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
هەروەها لەم ڕاپۆرتانەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی منداڵان لە خولە سەربازی و ئییدیۆلۆژییەکان وەک بەسیج، پەرەسەندنی دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و زۆرەملێی کچان بەهۆی نزمبوونی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری، و ڕێژەی بەرزی کارکردنی زۆرەملێی منداڵان لە سەر شەقام و کارگەکانی ئێراندا کراوە.
هاوکات دروستکردنی ئاستەنگ لە پرۆسەی دەرکردنی ناسنامە بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان دەیانەوێت ناوێکی نەتەوەیی و نافارسییان (وەک کوردی، بەلووچی و تورکی) لێ بنێن، وەک نموونەیەکی تری جیاکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی ڕێژیم لەقەڵەم دەدرێت.