لە درێژەی دەرکردنی سزا سەرەڕۆیانە و تۆمەتە بێبنەماکانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، دوو برای دووانەی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوەکانی "حەسەن ئەمیری" و "حوسێن ئەمیری" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی "هێرانا"، لە تۆمەتەکانی ئەم دوو لاوەدا تەنیا بوونی "چەند وێنەیەکی بینای زیانپێکەوتوو" لە نێو مۆبایلەکانیاندا، کراوەتە بنەمای سەپاندنی تۆمەتی قورسی سیخوڕی.
ئەم حوکمە لەلایەن دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، سەرۆکی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران دەرکراوە.
ئەم دوو برایە کە لە تەمەنی دوو ساڵییەوە لە ناوەندەکانی بێسەرپەرستان (بێهزیستی) گەورە بوون و هیچ کەس و کارێکیان نییە بۆ بەدواداچوونی دۆسییەکەیان، لە بازگەیەکدا دەستبەسەر کران و دوای دوو مانگ ڕاگرتن، ئێستا بە جیا لە بەندی ٣٥ی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان لەسەرە.
بەندی ٣٥ کە پێشتر وەک شوێنی قەرەنتینەی پێش سێدارە بەکار دەهات، ئێستا پڕ کراوە لە دەسبەسەرکراوان و بەندکراوەکان لەژێر گوشارێکی قورسی دەروونی و جەستەیی، قەرەباڵغیی خنکێنەر، بێبەشبوون لە مافە سەرەتاییەکان و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەدان.