کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکەکەی مەحکووم کرد

15:37 - 11 جۆزەردان 2726

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، هێرشە دووبارەبووەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر خاکەکەی بە توندی مەحکووم کرد و تووڕەیی خۆی بەرامبەر بەو کردەوە شەڕەنگێزییانە دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە ئەم هێرشانە "پەرەسەندنێکی مەترسیداری گرژییەکان، دەستدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی دەوڵەتی کوەیت و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ژمارە ٢٨١٧ی شۆرای ئەمنییەت بۆ ساڵی ٢٠٢٦یە".

کوەیت جەختی کردووەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە گرینگەکانی وڵاتەکەیانە.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هۆشداریی داوە کە بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، تەواوی ئەو هەوڵانە لەنێو دەبات کە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان درابوون و ئەمنییەتی گشتیی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها دەوڵەتی کوەیت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسی یەکەمی ئەم "هێرشە دەستدرێژیکارانە" دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە "مافی تەواوی خۆیەتی هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنییەت و بەرگری لە خاکەکەی بگرێتە بەر".