سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، دۆخی ناوچەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت؛ ئیسرائیل فەرمانی بۆردومانکردنی بەیرووتی دەرکردووە و کۆماری ئیسلامیش دەڵێت تێکچوونی ئاگربەست لە لوبنان بە واتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە تەواوی بەرەکاندایە.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە، فەرمانیان بە ئەرتەشی ئەو وڵاتە دا پێگەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەی لە ناوچەی "زاحییە"ی بەیرووت بکاتە ئامانج.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی ڕێژیمی تارانی لێکەوتەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا تەواوی بەرەکان، بەتایبەت لوبنان دەگرێتەوە و پێشێلکردنی، بە واتای هەڵوەشانەوەی گشتیی ڕێککەوتنەکەیە.
هاوكات ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، هۆشداریی دا کە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان بۆ ئەوان قەبووڵکراو نییە.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، گەمارۆی دەریایی و هێرشەکانی ئیسرائیلی وەک بەڵگەی پابەندنەبوونی ئەمریکا بە ئاگربەست ناو برد و بە زمانێکی هەڕەشەئامێز نووسی: "هەر هەڵبژاردنێک باجێکی هەیە و کاتی دانی ئەو باجە دەگات."
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش جەختی کردەوە کە ئاگربەست لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر ڕێککەوتنێک؛ بەڵام ئیسرائیل بێ گرنگیدان بەم داواکارییانە، خەریکی لێدانی بنکەکانی حیزبوڵڵایە.