کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا بەنیسبەت هەڕەشەکانی "زەریف" هۆشداریی بە ئێران دا

11:11 - 8 رێبەندان 2720

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵنەگیردرێت ڕێگە بە چاوەدێریی دامەزراوە ناوکییەکانی نادات و لە بەرانبەردا بریتانیا هۆشداریی بەو ڕێژیمە دا کە لە هەوڵە هەڵخڕێنەرەکانی دەست هەڵگرێت.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ "سێرگێی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیە سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوایی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بە پەسەندکراوەکانی مەجلیسی ڕێژیم لەو پێناوەدا کرد.

زەریف وتوویەتی: "ئەگەر گەمارۆکان هەڵنەگیردرێنەوە، ئەرکدارین هەندێک لە هەوڵەکانمان بەڕێوە ببەین کە یەکێکیان پیتاندنی ٢٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم بوو کە دەستی پێکردووە و یەکێکی دیکەشیان بەڕێوەبردنی پڕۆتۆکۆلی لکێندراوە کە مەبەست دانانی بەربەست بۆ چاوەدێری بەسەر دامەزراوە ناوکییەکانە".

هاوکات لەگەڵ قسەکانی "زەریف"، بەرپرسێکی نزیک لە نووسینگەی سەرکۆماریی بریتانیا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی وتووە، ئەگەر ئێران چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئامریکا دووبارە بگەڕێتەوە ڕێکەوتنی ناوکی، "دەبێ هەوڵە هەڵخڕێنەرەکانی کۆتایی پێ بهێنێت و بەڵێنییەکانی بەنیسبەت ئەو ڕێککەوتنەوە ڕەچاو بکات".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لەو حاڵەتەشدا دانووستانێکی بەربڵاو پێویستە.

"جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر تاران بگەڕێتەوە بۆ بەرجام بە بێ پێشێلکردنی هیچ خاڵێک، ئامریکاش دەگەڕێتەوە بەرجام.