کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا حیزبوڵڵای لوبنانی بە تەواوەتی خستە لیستی تێرۆرەوە

10:51 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی دەوڵەتی بریتانیا، حیزبوڵڵای لوبنانی بە تەواوەتی لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا داناوە و سەرچاوە ماڵییەکانی لەو وڵاتەدا بلۆکە دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانبار، وەزارەتی خەزێنەداریی بریتانیا، هەر دوو لقی سیاسی و نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانی وەبەر یاسای "هەوڵ بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەمواڵی تێرۆریستی" کە لە ساڵی ٢٠١٠دا پەسند کراوە، داوە.

هەروەها ڕویتێرز لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی، لەندەن ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە، داراییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەو وڵاتەدا بلۆکە دەکەن.

پێشتر تەنیا داراییەکانی لقی نیزامیی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لەلایەن وڵاتی بریتانیاوە بلۆکە کرابوو.

حیزبوڵڵای لوبنان، پێشتر لەلایەن وڵاتانی "ئامریکا، ئیسرائیل، کانادا، ئۆتریش و هۆلەند"ەوە، لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا جێی گرتووە.

ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە هاوپەیمانانی ناوچەیی تاران بە هەژمار دێت کە لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینیدا، بە پشتیوانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دامەزرا.