کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا دژی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هاتە دەنگ

11:16 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە ئامریکا بە نیسبەت تاقیکاریی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕی، بریتانیاش بە توندی هێرشی کردە سەر ڕێژیمی ئێران.

"جێرمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە پەیامێکی تویتێریدا تاقیکاریی مووشەکی بالستیکیی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و  ئەوە کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی بە هەوڵێکی تێکدەرانە وەسف کرد.

هانت لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "تاقیکاریی مووشەکی نێونجبڕی بالستیک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دژی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

دوای ئەو تاقیکارییە مووشەکییەی ڕێژیمی ئێران، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا هۆشداریی جیددی دایە وڵاتانی ئورووپایی و ڕایگەیاند: "تاران بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی پێشێل کردووە".

هاوکات جان بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی ئامریکا وێڕای ئاماژەدان بە تاقیکارییە مووشەکییەکەی ئێران لە تویتێکدا نووسیوە: "ئەم مووشەکە دەتوانێ ئورووپا و ئیسرائیل بکاتە ئامانج و ئەمەش جێگەی لێخۆشبوون و قەبووڵکردن نییە".

بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئامریکا، بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران گرتووە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی و گۆڕینی هەڵسووکەوتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ گەمارۆوەکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە و هاوکات ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵیش خولی دووهەمی گەمارۆوەکان دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کرد.