کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: عێراق دەبێت لە ژێر هەژموونیی ئابووریی ئێران خۆی دەرباز بکات

11:54 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی وڵاتی بریتانیا لەسەر ئەو باوەڕن، کە عێراق دەبێت لە سەرچاوە نەوتییەکانی خۆی کەڵک وەر بگرێت، هەتا لە بواری وزەوە سەربەخۆ ببێت.

ئالیسێرت بێرت، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی بریتانیا، باسی لەوە کردووە: کە وڵاتی عێراق دەبێت خۆی لە دەستێوەردانە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕزگار بکات و لە بواری وزەوە سەربەخۆ ببێت.

ئەم بەرپرسەی بریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕێبەندان، لە وتووێژی لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، وتوویەتی: عێراق دەبێت لە خۆهەڵواستن بە ڕێژیمی ئێران، لە بواری ئابووری و وزەوە کۆتایی بێننێت.

ئالیسێرت، لە پێوەندی لەگەڵ هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریە و ڕۆیشتنیان بۆ عێراق، وتوویەتی: هێنانە بەرچاوی عێراقی بەبێ دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی خەیاڵپەروەرییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە عێراق لە دیاریکردنی پێوەندییە دەرەکییەکانیدا، داهاتووی خۆی لە بەرچاو بگرێت و ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت و خۆی بە ئێرانەوە هەڵ نەواسێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەم بارەوە نووسیەتی: ئامریکا هیوادارە کە بە پشتبەستنی بە گەمارۆوە نوێیەکان بەدژی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ دەستێوەردانەکانی تاران لە ناوچەکە بەربەرەکانێ بکات و عێراق هان بدات هەتا کڕینی گاز لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئامریکا هەتا بەهاری ئەمساڵ، کاتی بۆ وڵاتی عێراق دیاری کردووە، هەتا کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز لە ئێران بێنێت، بەرپرسانی عێراقیش لەسەر ئەو باوەڕن، کە دوو ساڵیان دەوێت، هەتا پێویستیان بە گازی ئێران نەبێت.