کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا گەمارۆی خستە سەر ڕێژیمی ئێران

19:17 - 1 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی گەمارۆخستنەسەر ڕێژیمی ئێران، هێڵی هەوایی بریتانیا، فڕینی فڕۆکەکانی خۆی بۆ ئێران ڕادەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێڵی هەوایی (BRITISH AIRWAYS) "بریتیش ئەیروێیز"ی بریتانیا ڕایگەیاندووە بە هۆی ئەوەی فڕینی فڕۆکەکانی بۆ ئێران هیچ داهاتی ئابووریی نییە، فڕینی فڕۆکەکانی خۆی بۆ ئێران ڕادەگرێت.

لە دوای ڕێککەوتنامەی بەرجام، ئەو هێڵە هەواییەی بریتانیا گەشتەکانی خۆی بۆ ئێران دەست پێکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە ئامریکا مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ڕێککەوتنی بەرجام کشایەوە، بەشێکی بەرچاو لە شیرکەت، بانک و ناوەندە بازرگانییەکانی جیهان لە ئێران کشانەوە.

ئەو بڕیارەی بریتانیا لە کاتێکدایە کە بەپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو پابەند بە بەرجام دەبن.

چەند ڕۆژ پێش "جێرێمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە ئامریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ئاکسیۆس" باسی لە "بوێری" ترامپ کردبوو و بە گەورەیی باسی لە کار و کردەوەکانی ناوبراو کردبوو.

هاوکات بە نیسبەت ئەو بڕیارەی بریتانیا باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا گوتوویەتی: " بە نیسبەت ئەو بڕیارەی بریتانیا بەداخم".

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کومپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.