کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتیش ئایرویز فڕینەکانی بۆ ئێران ڕادەگرێت

11:30 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای فڕۆکەوانیی بریتانیا "بریتیش ئایرویز" ڕایگەیاند، کە سەرجەم فڕینەکانی بۆ ئێران لە حەوتووی داهاتووەوە ڕادەگرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، کۆمپانیای بریتیش ئایرویز لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، کە ڕێکەوتی ١ی خەزڵوەر دوایین فڕینی لە لەندەنەوە بۆ تاران ئەنجام دەدات و ڕۆژی ٢ی خەزڵوەریش دوایین فڕینی لە تارانەوە بۆ لەندەن ئەنجام دەدات.

ئەم کۆمپانیا بریتانیاییە هۆکاری ڕاگرتنی فڕینە ڕاستەوخۆوەکانی نێوان لەندەن و تارانی بۆ "نەبوونی سوودی ئابووری"  گەڕاندەوە.

ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانیانەی کە فڕینی ڕاستەوخۆیان بۆ ئێران هەبووە، لە دوای ڕاگەیاندنی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم ڕێژیمە،  کارەکانیان لەگەڵ وڵاتی ئێران ڕاگرتووە و هیچ فڕینێک بۆ ئێران ئەنجام نادەن.

لە ماوەکانی پێشتردا کۆمپانیای مای تایلەندی و کۆمپانیایەکی مالێزی لەبەر هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئایری سەر بە ڕێژیم، کەوتنە ناو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.