کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلژیک/ سێمینارێک بە بۆنەی ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

20:12 - 25 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە لەلایەن رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سێمینارێک بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە لەلایەن رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک کە لە چەند حیزبی سیاسی چوار پارچەی کوردستان پێکهاتووە، بەڕێوەچوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مژارێکی لە سەر لایەن و هۆکارەکانی روودانی ژینۆساید و کۆمەڵکوژی بە دژی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو و بەتایبەت ئەم سەدەیەی دواییدا لە کوردستان و نموونەی بەرچاویان شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە پێشکەش کرد.

مورادی تیشکی خستە سەر زۆر لایەنی پەیوەندیدار بە فاکتەرە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لەم بوارەدا و بۆ دووپات نەبوونەوەشیان بە سەر نەتەوەی کورد، کۆمەڵێک پێشنیار و بۆچوونی خستە روو.
لە بڕگەیەکی دیکەی سێمینارەکەدا، حیسام دەستپیش مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی بابەتێکی لە سەر ئەوەی بۆ چی ژینۆساید لە سەر کورد بەڕێوە چووە، بۆ چی لە نێو هەموو کۆمەڵکوژییەکان کە لە هەر چوار بەشی کوردستان روویانداوە، تەنیا هەڵەبجە بووە هێما و سەمبۆلی ژینۆساید بە دژی نەتەوەی کورد؟ چۆن دەتوانین پێش لە دووپات بوونەوەی کۆمەڵکوژیی لەم چەشنە بگرین؟ مامۆستا حیسام دەستپیش بە وردی پرژایە سەر ئەم پرس و بابەتانە و بە وردی فاکتەر و هۆکارەکانی شی کردەوە.

پاشان، کورتە فیلمێک لە سەر شیمیایی‌بارانی کردنی هەڵەبجە کە لەلایەن بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات – بلژیک ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.

دواتر چەند سروود و گۆرانی لەلایەن هۆزان حەکیمۆ\'\' تایبەت بۆ ئەم بۆنەیە پێشکەش کران.

لە بڕگەیەکی دیکەی سێمینارەکەدا، ئیبراهیم خودامورادی وەکوو شاهیدێکی رووداوی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە قسەی کرد و بیرەوەرییەکانی لە سەر چۆنییەتی رووداوەکە کە بە شیوەیەکی زیندوو بە چاوی خۆی دیبوو، پێشکەش بە بەشدارانی سێمینار کرد.

پاشان، وتارێک سەبارەت بە ٢٧ـەمین ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە، لەلایەن ناسکە نەسیریزادەوە خوێندرایەوە.

لە کۆتاییدا، ئەکرەم خەمۆ گۆرانییەکی تایبەت بۆ هەڵەبجە پێشکەش بە بەشداربوان کرد.

کازیوە.ر