کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلژیک/ چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزب دێموکرات و ئەندامی کۆمیسیۆنی وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی فلاندرێن

13:03 - 18 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک لەگەڵ کێن نیس ئەندام پارلمانی هەرێمی فلاندرێن و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی دەرەوەی ئەو پارلمانە چاوپێکەوتنی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک و خاتوو مۆنیک سمیتس هاوکاری بەشی پەیوەندی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە لەگەڵ وارد کێن نیس ئەندام پارلمانی هەرێمی فلاندرێن و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی وەزارەتی دەرەروەی هەرێمی فلاندرێن لە فراکسیۆنی کریستن دێموکرات چاوپێکەوتنیان کرد.

لە سەرەتای ئەو چاوپێکەوتنەکەدا مێژووی خەباتی گەلی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن جەمیل فەتحیـەوە باس کرا.

جەمیل فەتحی لە درێژەدا لە پەیوەندی لەگەڵ ستراتیژی و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

قۆناغەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات لەگەل رێژیمی پاشایەتی و رێژیمی ئیسلامی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لە قۆناغە جیاوازەکان تەوەرێکی دیکە لەو چاوپێکەوتنەدا بوو.

هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزب لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دوای هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

وارد کێن نیس، ئەندام پارلمانی هەرێمی فلاندرێن و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی فلاندرێن لە فراکسیۆنی کریستن دێموکرات سەرەڕای خۆشحاڵی دەربڕینی لەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سەر درێژەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لایەن جەختی کردەوە.