کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بلینکێن" بەنیسبەت کەمیی دەرفەت بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام هۆشداریی دا

16:24 - 15 رەزبەر 2721

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسی لە پێوەندیی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا و ڕووسیە کردووە و لەسەر زووتر بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی بەرجام جەختیان کردەوە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر بڵاو بووەتەوە هاتووە کە ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا و ''سێرگەی لاورۆڤ'' وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران گفتوگۆیان کردووە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، دوو لایەن لەسەر گرینگیی گەڕانەوەی خێرای ئێران و ئامریکا بۆ وتووێژەکانی بەرجام جەختیان کردووەتەوە.

''ئانتۆنی بلینکێن'' ڕۆژی چوارشەممە لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە پاریس باسی لەوە کردبوو کە ئامریکا پێبەندی گەڕانەوە بۆ بەرجامە و دەبێ ئێرانیش بە بەڵینییەکانی بەرجام پێبەند بێت، بەڵام چالاکییە ناوکییەکانی ئێران گەڕانەوە بۆ بەرجام دژوارتر دەکات.

ئامریکا چەندین جار هۆشداریی داوە کە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی بۆ هەمیشە درێژەی نابێت و ئەو وڵاتە ناچارە بژاردەی دیکە بەنیسبەت هەوڵە نایاساییەکانی ئێران بگرێتە بەر.