کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلینکێن: ئێران بەهۆی هێرش بۆ سەر کەشتیی مێرسێر ئێستریت سزا دەدرێت

12:58 - 19 گەلاوێژ 2721

وەزیری دەرەوەی ئامریکا و وەزیری بەرگریی بریتانیا لە دانیشتنی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو، جارێکی دیکە لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر کەشتیی ''مێرسێر ئێستریت'' جەختیان کردەوە و داوایان کردووە کە تاران لەو بوارەدا وڵامدەر بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ لەسەر ئەمنییەتی دەریاکان بەڕێوە چووە، وتوویەتی کە ئەو هێرشە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و بەشێک لە نموونەی هێرشەکان و هەڵسوکەوتە ئاژاوەگێڕانەکانە و بکەرانی ئەو هێرشە سزا دەدرێن.

ناوبراو ئەو جۆرە هێرشانەی بە هەڕەشە بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان، ئازادیی دەریانەوەردی و بازرگانی دەریایی ناو برد و وتی کەسانێک کە لەو ڕووداوەدا دەستیان هەبووە دەبێ وڵامدەر بن ئەگەرنا سزا دەدرێن.

هەروەها ''بێن واڵاس'' وەزیری دەرەوەی بریتانیا لەو دانیشتنەی شورای ئەمنییەت، هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتیی ''مێرسێر ئێستریتـ''ـی بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی دەریانەوردی ناو برد.

 ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، کەشتییەکی بازرگانیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.