کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان سه‌رچاوه‌ی ناته‌ندروستین

11:46 - 16 رەشەمه 2719

له‌م بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌دا، بنكه‌ ته‌ندروستی و شوێنی پزیشکه‌كان، به‌هۆی نه‌بوونی خزمەتگوزاری بوونه‌ته‌ شوێنی مه‌ترسیداری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی.

له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كاندا كه‌ به‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵک بۆ نه‌خۆشیی ئاسایی و سه‌ردانی ڕووتینی ڕوویان تێ ده‌كەن، ڕێژیم هیچ خزمەتگوزارییەکی دابین نه‌كردووه‌ تاكوو دژی گه‌ند و ڤایرۆس به‌كار ببرێت و ته‌نانه‌ت دەمامک و دەستەوانەی به‌ پزیشک و په‌رستاره‌كان نه‌داوه‌.

له‌و بنكانه‌دا و له‌ شوێنی چاوپێكه‌وتنی نه‌خۆش له‌ شوێنه‌ تایبەتییەکانی پزیشکەکاندا، چوونكه‌ ئه‌گه‌ری سه‌ردانكردنی كه‌سانی تووشبوو و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسەکە له‌و شوێنانه‌ زۆره‌، ژماره‌یه‌ک له‌ پزیشکە خه‌ڵكییه‌كان پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ نه‌خۆشه‌كان بۆ كاری ئاسایی ڕۆژانه‌ سه‌ردانی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان نه‌كه‌ن.

به‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵک تووشی ئازاری وه‌كوو ئازاری ده‌ست و لاق و سه‌ر و چاو ده‌بن یان بۆ تاقیكاریی چه‌وری و شه‌كر سه‌ردانی بنكه‌كان ده‌كه‌ن. ڕاسپارده‌ی پزیشکە خه‌ڵكییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌گه‌ر له‌ دۆخی زۆر تایبەتیدا، ئەگەرنا سه‌ردانی بنكه‌ و ده‌رمانگاكان مه‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها ڕایانسپاردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ته‌مه‌نن و پێویسته‌ ده‌رمانی ڕووتینی وه‌ربگرن، باشتر وایه‌ كه‌ خۆیان سه‌ردانی ده‌رمانخانه‌ و بنكه‌كان نه‌كه‌ن و به‌ كه‌سانی گه‌نجتر كه‌ له‌باری ته‌ندروستییه‌وه‌ به‌هێزترن بده‌ن تاكوو ده‌رمانه‌كانیان بۆ وه‌ربگرن.

له‌ وه‌ها دۆخێكدا كه‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگە به‌ره‌وڕووی مه‌ترسیی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بووەتەوە، ڕێژیم هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ بنكه‌ و ده‌رمانگاكان دابین نه‌كردووه‌ و گوشاریش بۆ پزیشک و په‌رستاره‌كان دێنێت تاكوو چه‌ند شیفتی زیادی له‌ ده‌رمانگا و نه‌خۆشخانه‌كان كار بكه‌ن و تەنانەت دەمامکێکی سه‌رتاییشیان بۆ دابین ناكات.