کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەیەکی سەربازی لە باکووری بەغداد، کەوتە بەر هێرشی چەندین ڕاکتەوە

13:02 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بنکەیەکی سەربازی لە باکووری بەغداد، کە هێزە ئامریکایی و عێراقییەکانی تێدا جێگیرن، کەوتووەتە بەر هێرشی سێ ڕاکتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، بنکەی سەربازیی "ئەلتاجی" لە باکووری بەغداد، کە شوێنی مەشقی سەربازیی هێزە ئامریکایی و عێراقییەکانە، بە سێ ڕاکت لێ دراوە.

ئەم هەواڵە کە لە لایەن هەواڵدەریی ڕۆیتێرزەوە بڵاو بووەتەوە، لە لایەن سەرچاوەیەکی سەربازیش پشتڕاست کراوەتەوە و ڕایگەیاندووە: "بنکەی سەربازیی ئەلتاجی کە لە ٢٧ کیلۆمێتریی باکووری بەغداددا هەڵکەوتووە، بە سێ ڕاکت لێی دراوە، کە دوو ڕاکتیان لە بەشی سەربازیی هێزە عێراقییەکان و یەکی دیکەیان لە دەرەوەی بنکەکە دراوە، بەڵام لەم هێرشەدا هیچ کەس بریندار نەبووە یان نەکوژراوە."

بەپێی ئەم هەواڵە، لە حەتووی ڕابردوودا، ئەمە دووهەمین جارە کە لەم شێوە هێرشە دەبینرێت و بنکەی ئاسمانیی "بەلەد" لە باکووری بەغداددا کە شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکە شەڕکەرە "ئێف شازدە"کانی ئامریکایە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، سێ ڕاکتی لێ دراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، هەواڵگەلێک بڵاو کرایەوە کە لە هەمان ڕۆژدا، گولـلە کاتیووشایەک بەرەو ناوچەی سەوزی بەغداد هاوێژراوە.

ئەم هێرشانە لە حاڵێکدا ڕوویان داوە کە ململانێی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و لە لایەن بەرپرسانی ئامریکاییەوە، بکەری هێرشی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کە دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا کرانە ئامانج، بە ڕێژیمی ئێران زانرا و بە دێکومێنت و بەڵگە پشتڕاست کرایەوە.