کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەیەکی ئێران لە سووریە کرایە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل

11:36 - 2 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کارخانەی سازکردنی مووشەکەکانی سپای پاسداران لە سووریە، کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلی و لەنێو برا.

راگەیەندنە فەرمییەکانی سووریە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلی بنکەیەکی سەربازییان لەسەر خاکی سووریە کردووەتە ئامانج.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئەو بنکە سەربازییە کارخانەی دروستکردنی مووشەکی زەوی بە زەوی تێدا بووە، کە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا دروست کراوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان هەروەها ئاشکرای کردووە، کە هێزە سەربازییەکانی رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لەو بنکەیەدا جێیان گرتووە.

پاش هێرشی ڕۆژی یەکشەممە، بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر خاکی سووریە کۆتایییان نایە"، ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو، کە ئەوان شوێنی هەموو بنکەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانیان لەسەر خاکی سووریە دەستنیشان کردووە و هەموویان دەکەنە ئامانجی مووشەکەکانیان.

بەپێێ ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگی ئامریکا، بەرپرسانی ئیسرائیلی پێشنیاری ڕووسیەیان بە نیسبەت مانەوەی هێزەکانی ئێرانی لە سووریە بە مەرجی دوورکەوتنەوەیان هەتا ١٠٠ کیلۆمێتر لە سنوورەکانی ئیسرائیلیان ڕەت کردووەتەوە.

بەرپرسانی ئامریکایی و ئیسرائیلی بەردەوام ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک بوونی هێزەکانی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریە قەبووڵ ناکەن و پیویستە هەتا ڕووسیە هاوکاری بکات کە ئەو هێزانە بەتەواوەتی سووریە بەجێ بهێڵن.