کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی داوای دادگای ڕاستەوخۆ دەکەن

12:30 - 18 بانەمەڕ 2721

بەشێک لە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە نامەیەکدا داوایان لە بەڕێوەبەرانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم کردووە، دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەو کارەساتە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێت.

لەو نامەیەدا بنەماڵەی ئەو قوربانییانە داوایان کردووە: "ئەو ١٠ کەسە لە تاوانباران کە حوکمی دەسبەسەرکردنیان هەیە و هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە ئیتر حوکمی دەسبەسەرکرانیان لەسەر نییە بۆ ئێمە بنەماڵەی قوربانییان و هەروەها پارێزەرەکانمانی ڕوون بکەنەوه بزانین چ کەسانێکن. دەبێ پارێزەرەکانمان بەبێ بەربەست بتوانن دەستیان بە دۆسیەکەمان ڕابگات".

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوەیان کردبوو کە کەسانی سەرپێچیکار لە دۆسیەی فڕۆکەی ئۆکراینی دەسبەسەر کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

ڕێژیمی ئێران سەرەتا نکۆڵیی لەو کردەوە کرد و دواتر دانی بەوەدا نا کە سپای پاسداران بە مووشەک لێی داوە.