
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دادگای نیزامی بۆ دە مەئمووری پلە خواری ناسراو لەلایەن ڕێژیمی ئێران وەکوو تاوانبار بە پێکانی فڕۆکەی ئۆکراینی، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر بە پلاکاردێک کە لە دەستیاندا بوو و لەسەریان نووسرابوو: "خوێندنەوەی دۆسیەی پێش لە بەدواداچوون مافی شیاو و یاسایی ئێمەیە" لە بەرامبەر ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ئەو بنەماڵە ناڕازییانە دروشمی وەکوو "مەرگ بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامیـ"ـیان وتووەتەوە.
"حامید ئیسماعیلیون" وتەبێژی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکەی ٧٥٢ی ئۆکراینی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی توییتێک، بەڕێوەچوونی دادگای نیزامیی بە "شەرمەزار" زانی و نووسی: "کورسییەکانی تاوانباران چاوەڕوانی هۆکارە سەرەکییەکان دەمێننەوە. عەلی خامنەیی، فەرماندەکانی سپا و ئەندامانی شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران بە دوور لە محاکمە نابن".
هەروەها بنەماڵە ناڕازییەکان لە کاتێکدا کە وێنەی قوربانییانیان لەدەستدا بوو، ڕایانگەیاند کە ئەو دادگایە جێگای بڕوا نییە و بێ بنەمایە.
ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین بە ١٧٦ موسافیرەوە بە هێرشی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران کەوتە خوارەوە و هەموو موسافیرەکانی گیانیان لەدەست دا.