کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی کرێکاران ٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار لە مانگێکدا تێچوویان هەیە

11:31 - 25 رێبەندان 2720

یەکێک لە بەرپرسانی کرێکاری لە ئێراندا وتوویەتی؛ نێونجیی تێچووەکانی هەر بنەماڵەیەکی کرێکار لە ئێراندا زیاتر لە ٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن لە مانگێکدایە لەحاڵێکدا کە داهاتیان کەمێک زیاتر لە یەک لەسەر سێی تێچووەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە.

"فەرامەرز تەوفیقی"، سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی شۆرای ئیسلامیی کار بە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی وتووە کە بەپێی لێکدانەوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، تێچووی هەر بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ساڵی ڕابردوودا ٤ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار تمەن بووە کە لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا بە ٣٨ لەسەد هەڵکشانەوە گەیشتووەتە ٨ ملیۆن و ٧٣٥ هەزار تمەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا "ناسر چەمەنی" نوێنەری کرێکاران لە شۆرای باڵای کاردا وتوویەتی: "تەنیا لە بەشی خۆراکدا زیاتر لە ٧٦ لەسەد تێچووەکان هەڵکشاوە".

سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی شۆرای ئیسلامیی کار وتوویەتی کە بڕوای بە بەڵگەکانی ناوەندی ئامار لەو بوارەدا نییە چونکە بە باوەڕیی ئەو، ئەو ناوەندە "ژمارەگەلێکی بە بێ لێکدانەوەی ڕاستی و دروستی" و لەسەر بنەمای "نێونجیگیرییەکی سەرەتایی بیرکاری" بڵا کردووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی: "لە جیاتیی ژمارە دروستکردن و بەڵگە دروستکردن بۆ یەک جاریش بووە دەبێ ڕوو بکەنە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا".

پێکهاتە کرێکارییەکانی دیکە تێچووی کرێکارانیان تەنانەت زیاتر لەو ئاستە ڕاگەیاندووە.

هەروەها "محەممەدڕەزا تاجیک" نوێنەری کرێکاران لە شۆرای باڵای کاری ئێراندا، نێونجیی تێچووەکانی کرێکارانی ١٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندووە.

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا لە هەوڵێکی بێ وێنەدا بە بێ هەبوونی نوێنەری کرێکاران، لانیکەمی حەقدەستی پایەی مانگانەی کرێکاران لە ساڵی ٩٩دا یەک ملیۆن و ٨٣٥ هەزار تمەن دیاری کراوە.

کرێکارانی ئێرانی بەگشتی ئیزنی دانانی یەکیەتیگەلی سەربەخۆیان نییە و ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم وەکوو شۆراکانی بەناو ئیسلامیی کار و ماڵی کرێکار، ناوەندە بە فەرمی ناسێندراوەکان بۆ داوا کرێکارییەکانن.