کوردستان میدیا: ئەندامێکی شۆرای باڵای شۆرشی فەرهەنگی وێڕای باس کردن لە سەر تەمەنی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا ڕایگەیاندووە هاوکات لە گەڵ ورووژانی هەستی جنسی، تەنانەت ئەگەر بە تەواوەتیش نەبێ، هاوسەرگیری بکەن!
حەسەن ڕەحیم پوور ئەزغەدی، ئەندامی شۆرای باڵای شۆرشی فەرهەنگی رێژیم سەبارەت به تەمەنی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا وتوویەتی: ئیسلام دەڵێ هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە هەستی جنسی ورووژا، تەنانەت ئەگەر بە تەواوەتیش نەبێت، هاوسەرگیری بکەن؛ ئیسلام مەرجی پێگەیشتن(بلووغ)ی بۆ هاوسەرگیری دانەناوە."
ئەزغەدی هەروەها وتوویەتی: "ئیسلام ئەوەندە تووشی پێوەندیی کچ و کوڕ بووە که دەڵێ کچ و کوڕی قوتابیی قۆناغی سەرەتاییش دەتوانن هاوسەرگیری بکەن."
ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە که ئیسلام هیچ سنوور و هیچ گرێیەکی جنسی درووست نەکردووە؛ هیچ مەرجێکی بۆ هاوسەرگیری دانەناوە و تەنیا چون منداڵ ئاگای لە ماف و بەرژەوەندی خۆی نییە سەرپەرستەکەی چاودێری دەکات کە فێڵی لێ نەکرێت.
قسەکانی ئەزغەدی لە حاڵێکدایە که فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕێژیم به جیددی لە هەوڵی ئەوەدایە که لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان بگەیێنێتە ١٦ ساڵ و بۆ کۆڕانیش ١٨ ساڵ، بەڵام به هۆی دژایەتی کردنی بناژۆخوازان ئەم گەڵاڵەیە تاکوو ئێستا پەسەند نەکراوە.
ئامارە پێوەندیدارەکان به هاوسەرگیری منداڵان لە ئێراندا دەرخەری ئەوەیە کە لە ساڵەکانی ٢٠١١ هەتا ٢٠١٤ ئەم ئامارە لەزیادبوونەوەدا بووە. ئاخرین ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ نیشان دەدەن که ٥/٥ % تەواوی هاوسەرگیرییەکان تایبەت به منداڵان بووە.
لە ساڵی ٢٠١٤دا زیاتر لە ٤٠ هەزار منداڵ هاوسەرگیرییان کردووە که ١٧٦ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٠ ساڵ بووە.
هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا دەتوانێ لە سەر داهاتووی تاکەکانی کۆمەڵگا کاریگەری نەرێنی هەبێت، بەو شێوەیە کە جگە لە زیادکردنەوەی ئاماری جیابوونەوە، دەبێتە هۆی چوونەسەری ڕێژەی منداڵانی تەڵاقیش که تووشی جۆرەکانی تاوان لە کۆمەڵگای ناتەندرووستی ئێراندا دەبن و نەسڵی داهاتووش لەگەڵ کێشەی جیددیی کۆمەڵایەتی و سۆزداری بەرەوڕوو دەکەنەوە.