کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی پارێزگاکانی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

12:37 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە بودجەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ ساڵی ٩٨دا پارێزگاکانی کوردستان پشکی شێریان بەر کەوتووە و بەبەراورد لەگەڵ بودجەی دیاریکراو لە ساڵی ڕابردوو بودجەکەیان کەمی کردووە.

بەپێی ئینفۆگرافیکێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی سەر بە رێژیم بڵاو کراوەتەوە، هەر کام لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام لە بودجەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ ساڵی نوێ، دیسانەوە لە پەراوێز خراون و بە ڕێژەیەکی بەرچاو بودجەیان لێ کەم کراوەتەوە.

بەپێی ئەم ئینفۆگرافیکە، بودجەی پارێزگای ورمێ بۆ ساڵی ٩٨، ٤٣%  پارێزگای سنە ٤١%، پارێزگای کرماشان ٣٨% و پارێزگای ئیلام ٤٩% بودجەی کەمتریان بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٧ بۆ دیاری کراوە.

ئەم کەمکردنەوەی بودجە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئینفۆگرافیکێکی تر سەبارەت بە نرخی هەژاری لە ئێران کە لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکانی ڕاپۆرتی ناوەندیی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم ئامادە کراوە، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، ورمێ، ئیلام، کرماشان و سنە هەژارترین پارێزگاکانی ئێرانن.

لە ئینفۆگرافیکێکی تریشدا کە تێیدا باس لە ڕێژەی پاشەکەوتی خانەوارەکان دەکات دەردەکەوێت کە پارێزگاکانی کوردستان هەژارترین پارێزگاکانی ئێرانن و پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی جیددی هەیە؛ لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئەم ئینفۆگرافیکە هەموو بنەماڵەیەکی کرماشانی (کە لە کۆتاشوێنی خشتەکەدایە) لە ساڵی ٩٦دا یەک میلیۆن تمەن هەژارتر بوون.