ژینگەپارێز، وێنەگر و چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان و لاوێکی شنۆیی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و هاووڵاتییەکی تیکابی سزای قورسی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاوە کوردستانی، وێنەگر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان و لە ئەندامانی «ئەنجومەنی سەوزی چیا»، لە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە مەریوان دەسبەسەر کرا و دوای پشکینی ماڵەکەی، مۆبایلی خۆی و هاوژینەکەی دەستی بە سەردا گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لاوێکی خەڵکی ئاوایی «شاوانە»ی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی «زاهیر مەحموودیان»، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، «بێهرووز سەعیدی»، لاوی ٣٥ ساڵەی خەڵکی تیکاب، کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تیکابەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگەی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان» سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.