کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی عەزیز ئەحمەدزادە باوکی شەهیدێکی کوردستان لە مەهاباد

11:12 - 23 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک عەزیز ئەحمەدزادە کەسایەتیی خۆشناو و نیشتیمانپەروەری ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە ئاوایی دارەلەک لە تەمەنی  ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک عەزیز کوردێکی نیشتیمانپەروەر و خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو.

دەرگای ماڵی ناوبراو هەمووکات بەڕووی پێشمەرگەدا کراوە بووە و لە یارمەتیدانی تێکۆشەرانی حیزبیدا لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەکردووە.

کوڕێکی کاک عەزیز بە ناوی یوونس ئەحمەدزادە پێشمەرگە بووە کە بەداخەوە ساڵی١٣٦٢دا لە شەڕێکی نابەرانبەر لەگەڵ تێرۆریستانی سپای پاسداراندا لە ئاوایی گوڵۆڵان شەهید بوو.

کاک عەزیز تا دوایین هەناسەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و جگەرگۆشە شەهیدەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو بە بەشداریی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.