کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم کرد و هۆشداریی لە توندکردنی گوشارەکان دا

11:09 - 23 خەزەڵوەر 2726

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7) و نوێنەری باڵای یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کەشتییە مەدەنییەکان لە گەرووی هۆرمۆزی مەحکووم کرد و هۆشدارییان دا کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، گوشارە ئابووری و سیاسییەکانیان بۆ سەر تاران بەردەوام دەکەن.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە کە ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بڵاو کرایەوە، گرووپی حەوت دروستکردنی لەمپەر لە گەرووی هۆرمۆزی بە هۆکاری تێکدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئەمنییەتی وزەی جیهان وەسف کردووە و جەختی لە مافی هاتوچۆی ئازاد و پارێزراو لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا کردووەتەوە.

هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) بۆ هەڵگرتنەوەی مینە دەریاییەکان و پاراستنی کەشتییەکان دووپات کردووەتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت جەختیان کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و داوایان لە تاران کرد هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە.

هەروەها داوا لە سەرجەم ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە سزا و سنووردارکردنەکانی شۆرای ئەمنییەت کە لە سێپتامبری ٢٠٢٥ لە ڕێگەی "مێکانیزمی ماشە"وە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ گەڕێندرانەوە، بە تەواوی جێبەجێ بکەن.

هەروەها گرووپی حەوت هاوکاریی سەربازیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، پڕچەککردنی حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە پیلانە توندوتیژەکانی نێو خاکی وڵاتانی ئورووپایی مەحکووم کرد.