لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بە داواکاریی بەحرەین بەڕێوە چوو، قەیرانی ناوچەکە و بارودۆخی دەریاوانی لە کەنداو و گەرووی هۆرمۆز تاوتوێ کرا و هەموو وڵاتانی کەنداو بە تێکڕا داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕیان لە ڕێژیمی تاران کردووە.
خالید خیاری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، ١٣٤ ڕووداوی توندوتیژی دژی کەشتییەکان تۆمار کراون و ٢٥ دەریاوان گیانیان لەدەست داوە.
جاسم محەممەد ئەلبەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو ڕایگەیاند کە ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤وە زیاتر لە ٧ هەزار مووشک و دڕۆنی دژی وڵاتانی ئەندام بەکار هێناوە و فڕۆکەخانە و بنکەکانیانی بە ئامانج گرتووە.
ئەوان داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٨١٧، بەدواداچوونی یاسایی بۆ تاوانباران و قەرەبووی تەواوی زیانەکانی ئەو هێرشانەیان لە ڕێژیمی تاران کرد. وڵاتانی کەنداو هەروەها جەختیان لەسەر بەشداریی خۆیان لە هەر گفتوگۆیەکی ئەمنیی ناوچەکەدا کردەوە.
لە بەرانبەردا، نوێنەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارنامەی ٢٨١٧ی «سیاسی» وەسف کرد و ڕهتی کردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکە زانی.
ڕێژیمی تاران بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی کرد کە هەر هێرشێکی نوێ وڵامی "خێرا و یەکلاکەرەوە»ی دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، وڵاتانی ڕۆژاواش لەوانە ئەمریکا و بریتانیا، هەروەها گرووپی حەوت (G7)، هێرشەکانی ئێرانیان سەرکۆنە کرد و داوایان کرد ڕێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان نەکرێت.