لە درێژەی هێرشە چەکدارییەکان بۆ سەر هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەلووچستان، ئەندامێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە شاری خاش کوژرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بڵاوی کردەوە کە "محەممەدئەمین کەندی"، ئەندامی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، لە ئەنجامی هێرشی چەند چەکدارێکدا لە شاری خاش کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، ناوبراو پلەی ئوستوار دووەمی هێزی ئینتزامیی هەبووە و خەڵکی شاری "زەهەک" بووە، کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە ماشینی تایبەتی خۆی، کراوەتە ئامانجی دەستڕێژی گولـلە و دەستبەجێ کوژراوە.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە ناڕەزایەتی و پێکدادانە چەکدارییەکان لە بەلووچستان دژی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامن.
بەپێی ئامارەکانی "تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان" کە ساڵی ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە، لە پارێزگای بەلووچستان لانیکەم ٩٥ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوون، کە ٦٠ کەسیان کوژراون و ٣٥ کەسی دیکەیان بریندار بوون؛ هەروەها لەو ماوەیەدا ٧ بەسیجی و ٣ سەربازی زۆرەملێش لەنێو کوژراوەکاندا بوون.