کوردستان میدیا: داڕمانی ئابووریی ئێران زیاتر لە هەموو کات ئاشکرا بووە و بودجەی ئەمساڵی ڕێژیم لەسەر ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دامەزراوە.
ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی باسی لەوە کردووە کە بودجەی ساڵی ١٣٩٨ لەسەر فرۆشی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەستراوە.
"حەمید پوور محەممەدی"، جێگری کاروباری ئابووری و هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم، بە فەرمی دانی بەوە داناوە کە بودجەی ئەمساڵ، بەگشتی ٤٤٨ هەزار میلیارد تمەنە.
بەپێی ئەو بودجەیە، ڕێژیمی ئێران ڕۆژانە ٣٠٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
لە دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، ئابووریی ئەو ڕێژیمە بەرەو داڕمان ڕۆیشتووە و لە ئێستادا دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو مایەپووچبوونی یەکجاری دەڕوات.
سەرەڕای هەموو کێشە ئابوورییەکان، کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە ئیدعای ئەوە دەکەن کە ئابووریی ئێران کێشەی نییە و گەمارۆوە ئابوورییەکان کاریگەری لەسەر دۆخی وڵات نییە.