کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بونیادی شەهیدی ڕێژیم دژایەتی قوربانییانی مین دەکات

14:19 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پارێزەرێکی پلە یەکی دادگوستەری باسی لەوە کردووە، کە "بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەران"، دوو ئیدارەی ڕێژیمن، کە دژایەتی ئەوە دەکەن، قوربانییانی مین وەکوو "کەمئەندام" بناسرێن.

بەپێی ڤیدئۆییەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، "عوسمان موزەیەن"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری، لە بارەی یاسایی چاوەدێریی بەسەر قوربانییانی مین و ڕەوتی کومسیۆنەکانی مادەی ٢ی فەرمانداری بۆ پێڕاگەیشتن بە مافەکانیانی وەکوو ڕەخنە شرۆڤە کردووە.

ئەو پارێزەرە کوردە وتوویەتی: بەپێی یاسا، کاتێک کەسێک بە هۆی تەقینەوەی مین، گیانی لە دەست دەدات یان بریندار و کەمئەندام دەبێت، دەبێت دۆسییەی ئەو کەسە لە کومسیۆنی فەرماندارییەکان ناسراو بە "مادەی٢" باسی لێوە بکرێت.

موزەیەن، لە بابەت پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی قوربانییانی مین وتوویەتی: "بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەران"، بەڵگەکانی ئەو دۆسییانە کۆ دەکەنەوە و ڕادەستی کومسیۆنی دەکەن، بەڵام کێشەکە لێرەدایە، کە دۆسییەکان زۆرجار بۆ ماوەی ١٠ ساڵ و ٢٠ ساڵ و ڕەنگە زیاتریش لە کومسیۆندا دەمێننەوە و بارودۆخی قوربانییانی مین ناڕوون دەمێننەوە و ئەمەش هۆکارگەلێکی جیاوازی بۆ ئەم کارە هەیە.

پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک: ورمێ، کرماشان، سنە، ئیلام و پارێزگای خووزستان بەشی هەرەزۆری مینە چێندراوەکانی ئێران لە خۆ دەگرن.