کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بونیادێک بە ناوی "دوکتور ڕزگار" لە کانادا دانرا

11:07 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی کانادا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، بونیادێکیان بە ناوی یەکێک لە بلیمەتە قوربانییەکانی ئەو ڕووداوەوە دانا.

پاش گیانلەدەستدانی "دوکتور ڕزگار ڕەحیمی" و هاوسەر و منداڵەکەی لە کارەساتی خستنە خوارەوەی  فڕۆکەی ئۆکراینیی "بووئینگی ٧٣٧"، لە نزیکیی تاران، دەوڵەتی کانادا بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونەکانی "دوکتور ڕزگار"، بونیادێکی بە ناوی ئەو بلیمەتەوە دامەزراند.

ئەو بونیادە بە ئامانجی پشتیوانیی ماڵی لەو خوێندکارە ئێرانییانەیە کە بە مەبەستی خوێندن دەڕۆنە وڵاتی کانادا.

دوکتور "ڕزگار ڕەحیمی"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شاری سەقزی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

 ناوبراو پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن تا ئاستی کارناسیی باڵا، دوکتورای خۆی لە کارەبا و ئێلێکترۆنیکدا لە زانکۆی "تۆرێنتۆ"ی کانادا وەرگرتووە.

ناوبراو بە شێوەی نهێنی لە کارگەلی خێرخوازانەدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە و هەمیشە لە بیری یارمەتی گەیاندن بە هاوزمانەکانیدا بووە.

دوکتور "ڕزگار ڕەحیمی"، هاوڕێ لەگەڵ خێزان و منداڵەکەی، "فەریدە غوڵامی و ژیوان ڕەحیمی"، لە کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بوون بە قوربانی.