کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستهێنانی گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەتی ڕێژیم؛ زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە ئێراندا هاوسەرگیرییان نەکردووە

08:59 - 24 خەزەڵوەر 2726

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران لە تەمەنی هاوسەرگیریدان، بەڵام تا ئێستا هاوسەرگیرییان نەکردووە؛ کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی ١٠ میلیۆن کەسیان پیاو و زیاتر لە ٨ میلیۆن کەسیان ژنن.

بەهمەن عەبدی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم، سەبارەت بە دۆخی سەڵتیی ژنان و پیاوان لە تەمەنە سەرووەکاندا وتی: بەپێی ئامارە بەردەستەکان، نزیکەی ٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار ژنی سەڵتی سەرووی ٣٥ ساڵ لە ئێراندا دەژین.  

ئەمە لەکاتێکدایە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ژمارەی پیاوانی سەڵتی سەرووی ٤٠ ساڵ، وەک تەمەنێکی گونجاو بۆ ئەم ژنانە بەپێی نەریتی باوی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەدا، دەردەخات کە ژمارەی ئەم پیاوانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەو ژنانە کەمترە.

عەبدی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە کرد کە هەرگیز هاوسەرگیرییان نەکردووە لە تەمەنی هاوسەرگیریدا و وتی: بەپێی ئامارە بەردەستەکان، زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە کچان و کوڕان لە تەمەنی هاوسەرگیریدا تا ئێستا هاوسەرگیرییان نەکردووە کە نزیکەی ١٠ میلیۆن کەسیان پیاو و زیاتر لە ٨ میلیۆن کەسیان ژنن.

ڕەوتی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێران لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی عەلی خامنەیی و پێشنوێژانی هەینی بەردەوام هانی خەڵک دەدا بۆ منداڵبوون.

یاسای جەوانیی حەشیمەت لە ڕەزبەری ساڵی  ١٤٠٠ بە ڕاسپاردە و جەختی خامنەیی لە مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیمدا پەسەند کرا و لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بۆ بواری جێبەجێکردن ڕاگەیەندرا و لە بەشە جیاوازەکانی ئەم یاسایەدا هەر کارێک و پێشگیرییەک لە منداڵبوون سزای دیاریکراوی خۆی هەیە.

شایانی باسە محەممەدڕەزا زەفەرقەندی وەزیری تەندروستی و پەروەردەی پزیشکیی دەوڵەتی پزشکییان ڕایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم وەزارەتە، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ژمارەی لەدایکبوون لە ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە خوارەوەی یەک ملیۆن کەس.

زەفەرقەندی لە دیدارێکدا لەگەڵ کاربەدەستانی بەسیجی زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لەدایکبوون لە وڵاتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە "پرسێکی زۆر نیگەرانکەر" ناو بردبوو.

ناوبراو کەمبوونی ژمارەی حەشیمەتی ئێرانی بە قەیران ناو بردبوو. هەروەها عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی وەزارەتی تەندروستیی دەوڵەتی پزشکییان، ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، ئەگەر وڵات بەم شێوەیە بەرەو پێشەوە بچێت، لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ڕێژەی لەدایکبوون و مردن لە ئێراندا یەکسان دەبێت و زیادبوونی ژمارەی حەشیمەتی کۆمەڵگە دەگاتە سفر.

لە ساڵانی ڕابردوودا کێشە ئابووری و بژێوییەکان لەسەر دابەزینی حەز و ئارەزووی خەڵکی ئێران بۆ منداڵبوون یان هەبوونی منداڵی کاریگەریی بەرچاوی داناوە.