شەوی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، پاسێکی هەڵگری کارمەندانی شیرکەتی نەوت لە ناوچەی «سەگەر» لە پارێزگای ئیلام وەرگەڕا و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئاماری گیانلەدەستدانی ١٢ هاووڵاتی بڵاو بووەتەوە و ١٨ هاووڵاتیش بریندار بوون.
ئەم ڕووداوە کاتژمێر ۱۹:۲۳ی ئێوارەی شەممە ٢۳ی خەزەڵوەر، لە ناوچەی سەگەر، لە سنووری نێوان ئابتاف و دەشت عەباس ڕووی داوە.
پاسەکە لە جۆری ڤۆلڤۆ و هەڵگری کارمەندانی شیرکەتی نەوتی NGLـی دەشت عەباس بووە کە لە کاتی گواستنەوەی کارمەنداندا وەرگەڕاوە.
بریندارانی ئەم ڕووداوە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی دێزفوول گواستراونەتەوە کە دۆخی دوو کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕەزبەر، لە ئاکامی پێکدادانی مینیبووسێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لەگەڵ ماشینێک لە ڕێگای پیرانشار بۆ میراوا، پێنج کرێکاری وەرزی بریندار بوون.
لە ڕووداوی هاوشێوەدا، لە ۱۰ی ڕەزبەردا، بەهۆی وەرگەڕانی مینیبووسێکی تر لە ڕێگای نەغەدە-پیرانشار لە نزیک گوندی "قاڕنێ"، کرێکارێک گیانی لەدەست دا و ۲۷ کرێکاری دیکەش بەسەختی بریندار بوون.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانان، پێکدادانی تانکەرێکی سووتەمەنی لەگەڵ ترەیلییەک لەسەر ڕێگەی سنە ــ هەمەدان بووە هۆی تەقینەوە و ئاگرگرتنی تانکەرەکە، زیاتر کە ١٣ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان، خراپبوونی ژێرخانەکان و شاخاویبوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی کوردستان و نزمیی کوالێتیی ماشینەکان، هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەکانی کوردستانە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران هاووڵاتی.