کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەک چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە ئیلام ، کرماشان ، سنە و ورمێی گرتەوە و خەساری ماڵی و گیانی بەدواوه بوو.
ئەمشەو یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بە هۆی بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە خەسارێکی بەرچاوی گیانی و ماددی بە هاووڵاتییان گەیشتووە و ژمارەیەک هاووڵاتیش بریندار بوونە که بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراونەتەوە.
ناوەندی بوومەلەرزەناسیی جیهان ناوەندی هاتنی ئەو بوومەلەرزەیەی پارێزگای کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندووە.
ناوەندی بوومەلەرزەناسیی جیهان، پلەی بەهێزیی ئەو بوومەلەرزیەی ٦.٣ ڕیشتەر ڕاگەیاندووە.
ئەو بوومەلەرزەیە لە درێژایی جوغرافیایی ٤٥.٧، پانایی ٣٤.٣٨ و قووڵایی ٧ کیلۆمیتر ڕووی داوە.
نزیکترین شارەکانی کە بوومەلەرزەکە ڕووی داوە بریتین لە: ''١٧ کیلۆمیتریی سەرپێڵزەهاو، ١٨ کیلۆمیتریی قەسری شیرین و ٣٣ کیلۆمیتریی گێڵانغەرب"
هاوکات پاش ڕوودانی بوومەلەرزەی یەکەم؛ پاش لەرزەیەکی دیکە بە بەهێزیی ٥/٣ پلەی ڕیشتەر سەرجەم شوێنەکانی پێشووی هەژاندەوە .
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن سەرجەم هێڵەکانی تەلەفون، ئاو ، بەرق و گازی سەرپێڵی زەهاو پچڕاوە. هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە قەسرشیرین هاووڵاتییان به هۆی هاتنی بوومەلەرزە بریندار بوونە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان هەتا ئێستا ٤٠ کەس کە بریندار بوونە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەسرشیرین کراون و ٣٠ کەسی دیکەش بۆ نەخۆشخانەی سەرپێڵ ڕەوانە کراون.
ساڵی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٧ ڕیشتەر لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕووی دا، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.