کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی کۆهکیلویە و بۆیرئەحمەد هەتا ئێستە ١٣٠ی برینداری لێکەوتووەتەوە

19:56 - 14 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٢/٥ ریشتێر، پارێزگای کۆهکیلویە و بۆیرئەحمەدی هەژاند.

بوومەلەرزەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پارێزگای کۆهکیلویە و بۆیرئەحمەد، ١٣٠ برینداری لێکەوتەوە و خەسارێکی زۆری گەیاندووە بە بیناکان لە شارەکانی یاسوج و سی سەخت.

بە پێی ڕاگەیەندراوی پارێزگاری ئەو پارێزگایە، یەکەم خەسارەکان هەتا ئێستە ٧٨ میلیارد تمەن بەراورد کراوە و ئاوی دەیان گوندی بۆیرئەحمەد پچڕاوە و چەندین ڕێگەی سەرەکی هاتوچۆ داخراون و خەڵک لە ترسی دووبارە هاتنەوەی بوومەلەرزە، ماڵەکانی خۆیان بە جێهێشتووە و لە شەقامەکاندا دەژین.

ئەو بوومەلەرزەیە زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە و خەسارێکی زۆری بە گوندەکان گەیاندووە کە هەتا ئێستە ڕێژیم لە هەموو ناوچەکاندا بە فریای خەڵک نەگەیشتووە و ئاوارەی دەشت و شاخەکان بوون.