کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئێران و کوردستانی هەژاند

11:50 - 17 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: به‌هۆی هاتنی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئێران و کوردستاندا، چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٥.٩ پلەی ڕیشتەر، پارێزگای "تەورێز"ی هەژاند.

بەپێی ئامارەکان، هەتا ئێستا ٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٣٢٣  کەسیش بریندار بوون.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ٢ و ١٧ خولەک لە شاری میانە سەر بە پارێزگای تەورێز ڕووی داوە.

ئەو بوومەلەرزەیە لە پارێزگاکانی "ورمێ، گیلان، زەنجان، قەزوێن و ئەردەبێڵ" هەستی پێکراوە.

ئەو بوومەلەرزەیە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری خستووەتە نێو خەڵک و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لە ترسی گیانیان شەو هاتوونەتە سەر شەقامەکان.

هاوکات لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای هورمۆزگانیش دوو جار بوومەلەرزە ڕووی داوە.

هەروەها لە پارێزگای ورمێ و لە شاری گردکشانە، لە قووڵایی ١٠ کیلۆمیتریی زەوی، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٤.٨ ڕیشتەر ڕووی داوە.

ئەو بوومەلەرزەیە لە شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و مەهاباد هەستی پێکراوە.

ئەو بوومەلەرزەیە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی بەدواوە نەبووە.