کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕایان هووک: پارەی زیاتر بۆ ئایەتوڵڵاکان دابینکردنی پارە بۆ تێرۆره

12:03 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی گرووپی کردەوەی ئێران ڕەخنەی لە بەستەی ماڵی ئورووپا گرتووە و گوتوویەتی پاره‌ی زیاتر له‌ ده‌ستی ئایه‌توڵڵاکان بە مانای تەرخان کردنی پاره‌ی زیاتر بۆ تێرۆرەکان له‌ ئورووپایه.

دوای ئەوەیکە یه‌کیه‌تیی ئورووپا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بڕیاری دا که‌ بڕی ١٨ میلیۆن یورۆ بۆ ئێران بنێرێت، بڕایان هووک سەرۆکی "گرووپی کردەوەی ئێران" ڕەخنەی لە بەستەی ماڵی ئورووپا گرت و گوتوویەتی پاره‌ی زیاتر له‌ ده‌ستی ئایه‌توڵڵاکان بە مانای ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ی زیاتر بۆ تێرۆرەکان له‌ وڵاتانی ئورووپایی تەرخان بکرێت.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا لەبارەی ئەو بڕیارەی ئورووپا باسی لەوەش کرد، ئه‌وه‌ "په‌یامێکی به‌ هه‌ڵه‌ له‌ کاتێکی نه‌گونجاوه" و به‌ جیددی داوای له‌ بروکسێل کرد که‌ بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی ڕێژیمی ئێران بۆ سه‌ر سه‌قامگیری جیهان، یارمه‌تیدەری‌ واشنگتۆن بن.

لەو پێوەندییەدا، "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی ئا‌مریکا له‌ سه‌ردانی خۆیدا بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابوورییەکانی ئا‌مریکا کاریگەرییەکی زۆری لە سەر ئێران داناوە.

ڕۆژنامەی "مشرق" سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دوای ئەو بەستەیەی ئورووپا نووسی: "کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵێکی بێڕێزانه و لە هەمانکاتدا بێدەنگ بوون لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئامریکادا بەستەی ١٨ میلیۆن یۆرۆیی بۆ ئێران دەنێرێت".

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمیش لەبارەی ئەو بەستەیەوە باسی لەوە کرد کە ئەوە بەشێک لە بودجەی ٥٠ میلیۆن یۆرۆیی ئورووپایە بە ئێران.

هاوکات "ناگێلا مێرکل" ڕایگەیاندبوو کە ئاڵمان پشتیوانی ماڵیی لە ڕێژیمی ئێران ناکات و بەپێچەوانەوە ئێمە لەگەڵ ئامریکا هاوکاری دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، "هایکۆ ماس" لە دژکردەوەیەک لەهەمبەر هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران پێشنیاری کرد، ئورووپا لە بواری سیستمی گواستنەوەی دراو، خۆی سەربەخۆ بکات و لە ئامریکا جیا ببێتەوە.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانیش باسی لەوە کردووە کە من باوەڕم بە یەکیەتیی ئورووپا نییە و ڕابردوویان ئەو شتە دەسەلمێنێت.

"حەسەن ڕوحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی لە یەکیەتیی ئورووپا گرت کە بە شێوەی پێویست هاوکاریی ئێران ناکات.

بەرپرسانی ئورووپایی لە هەوڵدان، کە سەرەڕای گەمارۆکانی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دڵنیا بکەنەوە بۆ مانەوەی لە بەرجام و ئەو قازانجانەی کە لە ڕێگای ئەم ڕێککەوتننامەیە بۆ ئەو ڕێژیمە دەستەبەر دەکرێت.

بەهۆی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و دووبارە دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان، ڕێژیمی ئێران لەباری ئابوورییەوە تووشی کێشەی نێوخۆیی بووە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە.