کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کرا

11:55 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانی بە ٨٤ دەنگی "ئەرێ"، ٣٠ دەنگی  "نا" و ٦٧ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد.

ئەم بڕیارنامەیە پێشنیارکراوی وڵاتی کانادا و وڵاتانی ڕۆژئاوایییە، کە لەم ئەمساڵدا پێشکەش کراوە و جگە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، وڵاتانێک وەکوو: عەرەبستان سعوودی، ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یەمەن و بەحرەینیش دەنگی "ئەرێ" و وڵاتانی: ڕووسیە، چین، عومان، پاکستان، عێراق، هیندوستان، ئەفغانستان، لوبنان و وێنێزۆئێلا دەنگی "نا"یان  دا.

لە بەشەکانی ئەم بڕیارنامەیەدا، بە ڕاپۆرتەکانی جاوید رەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی مافی مرۆڤی ئێران و ئانتۆنیۆ گوتریش، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئاماژە کراوە و تێیدا هاتووە: کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، کردەوەکانی بە دژی ناڕازییان، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توندتر لە جاران بووە.

هەر لەم بڕیارنامەدا باس لە بەردەوامبوونی ئێعدامی مێرمنداڵان لە لایەن ڕێژیم کراوە و لەم پێوەندییەدا نیگەرانیی دەربڕدراوە.

ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر پەسەندکرانی بڕیارنامەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ئێران، لە کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دژکردەوەی لە خۆ نیشان داوە و ئەم بڕیارنامەیەی بە "کەڵکوەرگرتنی ئامرزایی لە مافی مرۆڤ" پێناسە کردووە.