کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری هێرش بۆ سەر ئدلب لە تاران واژۆ کراوە

12:07 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سێ وڵاتی ڕووسیە، ئێران و تورکیە، لە تاران دانیشتنێکی سێ قۆڵیان بە نیسبەت سووریەوە بەڕێوە برد.

دوانیوەڕۆی هەینی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەرکۆمارەکانی سێ وڵاتی ڕووسیە، ئێران و تورکیە، لە تاران بە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە و دوابڕیاری خۆیان بە نیسبەت سەرکۆتی دژبەرانی بەشار ئەسەد واژۆ کردووە.

لە ئاکامی ئەو دانیشتنەدا هەر سێ لایەن لەسەر ئەوەی کە بەتەواوەتی ئدلب کۆنترۆڵ بکەنەوە و کۆتایی بە دژبەرانی ئەسەد بهێنن، کۆک و هاوڕا بوون.

هەر یەک لە ولادمیر پووتین، حەسەن ڕۆحانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو دانیشتنەدا بە نیسبەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سووریە و پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد، ڕا و سیاسەتی وڵاتەکەیانیان دەربڕیوە.

پووتین ئاماژەی بەوە داوە، کە توانیویانە ٩٠ لەسەدی خاکی سووریە بگەڕێننەوە بۆ دەست بەشار ئەسەد و هەروەها وتوویەتی: کە کێشەی ئدلبیش یەکلایی دەکەنەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، وەک سیاسەتی هەمیشەیی بەرپرسانی ڕێژیم، هێرشی کردووەتە سەر ئامریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاندووە: کە بەتەواوەتی دژی مانەوەی ئامریکا لە سووریەیە و هەروەها ئیسرائیلیش دەبێ بەرزایییەکانی گوڵان چۆڵ بکات.

ئەردۆغان وێڕای باسکردن لەوەی کە هێرش بۆ سەر ئدلب کێشەی سووریە قووڵتر دەکاتەوە، بەڵام دواجار ڕاگەیەندراوی کۆتایی ئەو دانیشتنەی واژۆ و پەسەند کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٦٥٠ هەزار کەس کوژراون و نزیک بە ٨ میلیۆن کەسیش بێماڵ و حاڵ بوون.

چاوەدێرانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سێ وڵاتی ڕووسیە، ئێران و تورکیە بە هۆکاری سەرەکیی درێژەکێشانی شەڕی نێوخۆیی سووریە و کوژران و ماڵوێرانیی خەڵکی ئەو وڵاتە دەزانن و لەسەر ئەو باوەڕەن، کە هێرش بۆ سەر ئدلب کێشەی سووریە قووڵتر دەکاتەوە.

خاڵی جێی سەرنجی ئەو دانیشتنە ئەوە بووە، کە ئەگەرچی بڕیار لەسەر سووریە و دواڕۆژی خەڵکی ئەو وڵاتە بووە، بەڵام نە بەشار ئەسەد و نە هیچ نوێنەرێکی خەڵکی سووریە لە دانیشتنەدا نەبوون.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە نیسبەت هێرش بۆ سەر ئدلب لە ماڵپەڕی تویتێریی خۆیدا نووسیویەتی: "ڕووس و ئیرانییەکان هەڵە دەکەن، ئەگەر لە هێرش بۆ سەر ئدلب یارمەتی بەشار ئەسەد بدەن، ئەو کارە دەبێتە هۆی کارەتاسێکی مرۆیی و سەدان هەزار کەس دەکوژرێن".